یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا ئەمڕۆ ١١ نیسانی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، ڕێکخراوی داعش زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی لە دەستداوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە لە عێراق دەستی بەسەردا گرتبوو.
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع ابنا: ئەو لێپرسراوەی سوپای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، داعش لەو پەڕی توانای خۆیدا کۆنترۆڵی لە ٤٠%ی خاکی عێراقی کردبوو.
بەگوتەی یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، لە ئێستادا ئەو شوێنانەی کە داعش لە عێراق بە دەستیەو ماوە، تەنها لە ٦.٨%ی خاکی عێراقە.
لەلایەکی ترەوە پۆلیسی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی خۆرئاوای شاری موسڵ بنکەو پێگەکانی خۆی بەهێزدەکات، بە مەبەستی خۆسازدان بۆ هێرشێکی فراوان بۆسەر ئەو ناوچانەی کە تا ئێستا لەبەری خۆرئاوای شارەکە بەدەست داعشەوە ماوە.
لە ئێستادا داعش لەناو خاکی عێراقدا، شارۆچکەکانی تەلەعفەر و حەویجە و بەشێکی شاری موسڵی بەدەستەوەیە، لە سوریاش شاری ڕەقە، کە بە بارەگای سەرەکی داعش دادەنرێت لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.